کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان: دادگایکردنی چالاکوانان و رۆژنامەنووسانی بادینان بە نایاسایی دەزانین


کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا سزادانی چالاکوانان و رۆژنامەنوسانی بادینان لە دادگای تەمیز بە نایاسایی و نا دادپەروەرانە دەزانێت و داوا لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات، دەسەڵاتی قانونی خۆی بەکاربێنێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤـی (کەنەکە) ئاماژە بەوەدەکات" تێپەڕاندن و پەسەندکردنی ئەم جۆرە بڕیارانەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان سەروەربوونی یاسا و ئازادی را و را دەربڕین و دیموکراسی بەرەو ئاراستەیەکی ترسناک و ماڵوێرانکەر دەبات و لە هەمانکاتیشدا زیان بە کۆی پرۆسەکە دەگەیەنێت و تێوەگلانی دیبلۆماتکاران و کونسولگەرانی وڵاتان لە باشوری کوردستان، لەم کەیسە نیشانەی نەبوونی بەڵگە و پێشینەیەکی مەترسیدارە بۆ پێگە و قەوارەی هەرێمی کوردستان".

لەبەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات، دەسەڵاتی قانونی خۆی بەکاربێنێت و بە ئاراستەی رێزگرتن لە مافەکانی ئازادی دەربڕین و دەستەبەرکردنی یەکسانیی لە کەیسی رۆژنامەنووسان و چالاکوانی بەهدینان، ئەو حوکمە نادادپەروەرییە بەو دەسەڵاتەی کە هەیەتی لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربکات.





ئه‌م بابه‌ته 692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:43:18/09/2021