جاسەنە: داخستنی (رووداو) لە رۆژئاواو گرفتی ئازادی رۆژنامەگەری لەباشور بەردەوام دەبێت



رێكخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا لە راگەیاندنێكیدا لەبارەی داخستنی تەلەفزیۆنی (رووداو) ەوە لە رۆژئاوای كوردستان ئەو كارە مەحكوم دەكات، بەڵام پێشوایە دۆخی میدیای لە كوردستان هەر بەم شێوەیە دەبێت لەبەر ئەو فەزا میدیا و سیاسیەی لەهەرێمدا هەیە.

لە راگەیاندراوێكدا كە رێكخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا بڵاویكردەوە، هاتووە" داخستنی رووداو لە رۆژئاوای كوردستان و، میدیاكانی نزیك پارتی كرێكارانی كوردستان لە هەولێر و دهۆك و، ئازاردان و فشارخستنە سەر رۆژنامەنووسان لەو دوو پارچەیەی كوردستان، نابێت تەنها لە چاوی میدیایەوە تەماشابكرێت، بەڵكو هەموو ئەو هەنگاوانەی لە رۆژئاوای كوردستان بەرامبەر رووداو و میدیاكانی تری دەگیرێتە بەرو، ئەو هەنگاوانەی بەرامبەر میدیاكانی نزیك پارتی كرێكارانی كوردستان و رۆژنامەنووسەكانی دەگرێتەبەر لە باشوور، بەرئەنجامی دۆخێكی سیاسی و میدیایی ناتەندروستە كە لە كوردستاندا گوزەر دەكات".
 
  راگەیاندنەکەی رێکخراوی جاسەنە:
داخستنی (رووداو) لە رۆژئاوا و گرفتی ئازادی رۆژنامەگەری لە باشور بەردەوام دەبێت
داخستنی رووداو لە رۆژئاوا و گرفتی ئازادی رۆژنامەگەری لە باشور بەردەوام دەبێت

دوای چەندینجار رێگرتن و فشار خستنەسەر، دواجار بەرێوەبەری خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان رۆژی ٥ ی شوباتی ٢٠٢٢ كارەكانی میدیای رووداوی لەسەرتاسەری رۆژئاوادا بە تۆمەتی " كاكردن دژی بەها مانەویەكانی گەل و هاندان و بڵاوكردنەوەی رق و كینە" قەدەغە كرد.

داخستنی میدیای رووداو، ناتەبایە لەگەڵ پرەنیسپی  ئازادیی رۆژنامەگەری لەو پارچەیەی كوردستان كە خەڵكەكەی زیاترە لە سەدەیەك قوربانی نەبوونی ئازادی و دیموكراسیە، لە كاتێكدا بوونی فرەیی میدیایی لەهەر وڵاتێكدا كۆڵەكەیەكی سەرەكی هەر سیستەمێكی دیموكراسییە.

داخستنی رووداو لە رۆژئاوای كوردستان و، میدیاكانی نزیك پارتی كرێكارانی كوردستان لە هەولێر و دهۆك و، ئازاردان و فشارخستنە سەر رۆژنامەنووسان لەو دوو پارچەیەی كوردستان، نابێت تەنها لە چاوی میدیایەوە تەماشابكرێت، بەڵكو هەموو ئەو هەنگاوانەی لە رۆژئاوای كوردستان بەرامبەر رووداو و میدیاكانی تری دەگیرێتە بەرو، ئەو هەنگاوانەی بەرامبەر میدیاكانی نزیك پارتی كرێكارانی كوردستان و رۆژنامەنووسەكانی دەگرێتەبەر لە باشوور، بەرئەنجامی دۆخێكی سیاسی و میدیایی ناتەندروستە كە لە كوردستاندا گووزەر دەكات و زەرەرمەندی یەكەمیش، هاووڵاتییە كە رێگری لێدەكرێت هەواڵ و زانیاریی جیاواز وەربگرێت‌و هەروەها رۆژنامەنوسانی ئەو كەناڵانەش زەرەرمەندن كە كار و پیشەی ژیانیان لەدەستدەن.

زۆرجار لە هەردوو پارچەی كوردستان میدیاكان و میدیاكاران دەبنە قوربانی سیاسەت و پەیوەندیی نێوان هێز و كەسایەتییە سیاسیە ناكۆكەكانی پارچەكانی كوردستان، هەر ناكۆكیەكی هاوشێوەی ئەو ناكۆكییەی لە نێوان حیزبەكانی باكور و رۆژئاوا هەیانە لەگەڵ حیزبەكانی باشووردا بە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر كاری میدیاكانیان دەكات و لەلایەنی بەرامبەرەوە كێشە و رێگری بۆ دروستدەكرێت و پێشێلكاری بەرامبەر میدیاكەو میدكارەكانی دەكرێت.

رەنگە لەو دوو پارچەیەی كوردستان، رۆژئاواو باشور بۆ ماوەیەك دۆخی میدیای روو لە باشی بكات، بەڵام وەك دەبینین، گەر هەنگاوێك بەرەو پێش بچێت، لە پڕ چەند هەنگاوێك دەگەڕێتەوە بۆ دواوە، دۆخی میدیای كوردستان بەم شێوەیەی هەیە كە هەر خەریكی تۆمەتباركردنی یەكتریین، هەرگیز ناگاتە دۆخێكی تەندروست كە فرەیی میدیا لە دایكبێت و ئازادی كاری میدیای دەستەبەربێت، هەربۆیە تێڕوانینێكی گشتگیر لە دۆخی میدیادا لە هەردوو پارچەی كوردستان باشوور و رۆژئاوا، رەنگە یاریدەدەرێك بێت بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەیەك، كە ئەویش لە ئێستادا گەیشتنە بە میساقێكی گشتی رۆژنامەنووسی لە نێوان رۆژنامەنووسانی باشور و رۆژئاوای كوردستان و، لە ئایندەشدا رۆژنامەنووسانی پارچەكانی تری كوردستان كە زەمینەی ئازادی تەواو خۆش بكات بۆ كاری رۆژنامەگەری.

 داخستنی رووداو و رێگا نەدان بە رووماڵ و دەستگیركردنی رۆژنامەنووسانی نزیك میدیاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، هەردووكیان پێشێلكارین و سروشتی ئەو دەسەڵاتە پێشان دەدەن كە حوكمی كوردستان دەكەن، هەربۆیە نزیك بوونەوەی میدیاكارانی كەناڵە جیاجیاكانی پارچەكانی كوردستان و پشتبەستن بە كاری پیشەیی رۆژنامەنووسی هەنگاوە راستەكە دەبێت بە ئاراستەی دابینكردنی ئازادی كاری میدیایی.
     
رێكخراوی جاسەنە





ئه‌م بابه‌ته 640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:50:08/02/2022