راگەیەنراوێك لە كەسوكاری ئارامی مەلا نوری



كەسوكاری ئارامی مەلا نوری، ئەو چالاكوانەی شەوی رابردوو لە شاری كەلار بە چەقۆ هێرشكرایەسەری رایدەگەیەنن، بەهۆی سەختی هێرشەكانەوە بە 55 تەقەڵ برینەكانی پێچڕاوەتەوە و داوای لێكۆڵینەوەی جددیش لە رووداوەكە دەكەن.

دەقی راگەیەنراوەكە..

شەوی رابردوو، كاتژمێر ٧:١٣ خولەك، لە كەلار، لە كاتێكدا ئارامی مەلا نوری بە ئۆتۆمبێلەكەی، لە بازاڕەوە بۆ ماڵ دەگەڕێتەوە، لە نزیك ماڵی خۆیان، ئۆتۆمبێلێك لە جۆری پیكاپ دەبڵ، دەشكێنێتە سەری و رایدەگرن، پاشان چوار كەس، كە دەموچاویان بە تەواوی هەڵپێكراوە، بە راكێشانی دەمانچەو بە لێدان رایدەكێشن و، هەڵدەكوتنە سەری و چەندین چەقۆی لێدەدەن و جێیدەهێڵن و بە هۆی زۆری و قوڵی برینەكانیەوە، بە ٥٥ تەقەڵ دوراونەتەوە.

ئەم تاوانە هەرە نامەردانەو دڕندانەیە، لە كاتێكدایە ئارام هیچ كێشەیەكی تایبەتی لە گەڵ هیچ كەس و گروپ و لایەنێك نەبوەو نیەو، تەنها ئەوەیە بەردەوام وەك چالاكێكی مەدەنی، بە شێوەی جۆراو جۆر رەخنەی لە گەندەڵی و خراپی حكومڕانی گرتووەو لە چالاكییە جەماوەریەكاندا بەشداری كردووە.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا، چەندین جار لە سەرچاوەی نادیارەوە هەڕەشەی لێكراوە.

 لێرەوە رایدەگەیەنین: ڤیدیۆیی كاتی ئەنجامدانی تاوانەكە هەیەو، وەك ئەوەی لە تۆمارەكەدا دەرئەكەوێ، وا دیارە ئەنجامدەرانی تاوانەكە، كەسانی ئاسایی نین، بەڵكو گروپێكی رێكخراو و شارەزان لە پرۆسەی تاوانكاریدا.

لە ئێستاشدا، چاودێرو چاوەڕێی لێكۆڵێنەوەی دەزگا ئەمنیەكانین و، داواكارین هەرچی زووە ئەنجامدەرانی تاوانەكەو ئەو دەستە رەشەی، كە لە پشتێوەیە، بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێ.




ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:56:27/02/2022